وادەی ناو تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانێتییەکان درێژکرایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی ناو تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانێتییەکان، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق درێژکرایەوە.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، رێکەوتی 30.7.2023 وەک کۆتا وادە بۆ ناو تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان دیاریکردبوو، بەڵام بڕیاریدا تاوەکو 6.8.2023 وادەکە درێژبکاتەوە.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و وتی، بۆ ئەوەیە دەرفەت بدرێت بە ئەو هاوپەیمانێتییانەی کە هێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، ماوەی یەک مانگی بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان دیاریکردبوو، کە لە 1.7.2023 دەستیپێکرد تا 30.7.2023.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ماوەی ئەو مانگەدا 280 پارتی سیاسی و 24 هاوپەیمانێتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لەو 24 هاوپەیمانێتییەی تۆمارکراون 15ـیان نوێن و نۆی دیکەشیان کۆنن.
بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستی عێراق 285 کەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن.