لایەکی زاخۆ بێ ئاو بووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
زیاتر لە شەو و رۆژێکە 25٪ی شاری زاخۆ بێ ئاوە، لەگەڵ خۆیدا کێشەی دابینکردنی کارەبای مۆلیدەش دروست بووە.
شارەوانی خەریکی نۆژەنکردنەوەی شەقامی پێشمەرگەیە لە قەزای زاخۆ، ئەو شەقامە دەکەوێتە تەنیشت پڕۆژەی ئاوی زاخۆ، بەو هۆیەوە ئاوی بەشێک لە گەڕەکەکان بڕاوە.
رێناس رەجەب، هاوڵاتی یەکێک لەو گەڕەکانەیە بە 964ی وت، دوێنێ وتیان تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بێ ئاو دەبن، بەڵام ئەوە 30 کاتژمێرە بێ ئاوین.
نەجم کوچەر، خاوەن خواردنگەیەکە لە بازاڕی زاخۆ بۆ 964 وتی، “من ناچاربووم تانکەرێکی ئاو بۆ خواردنگەکەم بکڕم بە 25 هەزار دینار، لەم بێ ئیشیەدا ناچارین ئاویش بکڕین”.
بێ ئاوی گەڕەکەکانی زاخۆ، بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان، ئەوان دەڵێن “کە ئاو نەبێت ئێمەش ناتوانین مۆلیدەکان کار پیبکەین”.
حەسەن رەمەزان، خاوەنی حەوت مۆلیدەی ئەهلییە لە سەنتەری زاخۆ بە 964ی وت، “ئێمە ناتوانین هەموو رۆژ ئاو بکڕین، ئەگەر بەبێ ئاو مۆلیدەکان پێبکەین دەسووتێن”.
ژمارەی ئەو گەڕەکانەی ئێستا لە زاخۆ بێ ئاون، ژمارەیان هەشت گەڕەکی گەورەن، هاوکات سێ مزگەوتیش بەتەواوی بێ ئاو ماون.
سالح حەسەن، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆ بە 964ی وت، “داوای لێبوردن لە خەڵک دەکەین، بڕیار بوو بە 10 کاتژمێر کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام بەهۆی گەورەیی قەبارەی بۆڕییەکان نەتوانرا زوو چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم ئێوارەیە چارە بکرێت”.
964 زانیویەتی بەهۆی زۆری ژمارەی ماڵەکان، دەستکەوتنی ئاو بە تانکەر زەحمەت بووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی