بۆ پاراستنیان
چەمچەماڵ پێویستی بە فەرمانگەی شوێنەوارە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
تائێستا فەرمانگەی شوێنەوار لە قەزای چەمچەماڵ بوونی نییە، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، چەندین جار نوسراوی فەرمییان کردووە و لەچاوەڕوانی کردنەوەی فەرمانگەکەن بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان.
لە سنوری چەمچەماڵ زیاد لە 250 ناوچەی شوێنەواری هەیە و یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکان قەڵای مێژویی چەمچەماڵە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی پێنجەمی پێشزاین، بەڵام لە ئێستادا لایەکی کراوە بە گەراجی ئۆتۆمبێل.
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ بۆ 964 وتی، زیاد لە چوار ساڵە داوای کردنەوەی فەرمانگەی پاراستنی شوێنەوارمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانگەکە نەکراوەتەوە و چەندین جار بە نوسراوی فەرمی داوام لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە.
“لە ئێستادا دەتوانین فەرمانبەر و بینا و تەواوی پێداویستییەکان دابین بکەین بو فەرمانگەکە”، ئارام نەجات وای وت.
سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ باسی لەوەشکرد، ئاگادارن لایەکی قەڵای چەمچەماڵ بۆ پارکینگی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، کە قەڵای مێژویی چەمچەماڵ شوناسی ئەم شارەیە، بە کردنەوەی٦ فەرمانگەی شوێنەوار قەڵاکە و شوێنەوارەکانی تریش دەتوانرێت باشتر چاودێری بکرێن و بپارێزرێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی