راگرتنەکە کاتییە

بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگیرێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەی چیاسورخ راگرت. هۆکارەکەی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیانە لە لایەن حکومەتەوە.

کۆمپانیاکە لە 1.8.2023 سەرجەم کارەکانی رادەگرێت و بە کارمەندەکانیشی وتووە نەچنەوە سەرکار.

964 دەزانێت، بەرھەمی ئەو کێڵگەیە بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەکاردێتەوە و رەوانەی دەرەوە ناکرێت، ھەربۆیە کاتێک ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە راگیرا بەرھەمھێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بەردەوامبوو.

سەردار محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو بە964ـی وت، “کۆمپانیاکە پێیان وتووین کە حکومەت شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج ناکات، نووسراویان کردووە بۆ حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەیان، تاوەکو پارەیان بۆ خەرج دەکرێت کارەکانیان بەشێوەیەکی کاتی رادەگرن”.

کێڵگەی نەوتی چیاسورخ دەکەوێتە ناحیەی قۆرەتوو سەر بە ئیدارەی گەرمیان، توانای بەرھەمھێنانی رۆژانەی 1500 بۆ 2000 ھەزار بەرمیل نەوت بووە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد