90 هەزار دانیشتووی پشدەر چاویان لە دەستی ئێرانە ئاویان بۆ بەربداتەوە

964+
مەجید بیتوێنی

قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە لە ئیدارەی راپەڕین، ژمارەی دانیشتووانی 90 هەزار کەسە، پڕۆژەی ئاوی خاس لەسەر زێی بچوک دروستکراوە و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لێی سوودمەند دەبن، بەڵام ئێستا لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە.

لە ساڵی 2018 کۆماری ئیسلامی ئێران بەنداوی کۆڵەسەی لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد کە توانای گلدانەوە 545 ملیۆن لیتر سێجا ئاوی هەیە و بەمەش کۆنترۆڵی ئاوی خواردنەوەی قەزای پشدەری کەوتە دەست.

لە وەرزی هاویندا بەتەواوی وشکی دەکات، جاری وا هەیە لەناکاو بەری دەداتەوە و گەشتیاران لە کاتی سەفرە و گەشت تووشی زیانی گیانی و مادی دەبن، لەلایەکی تریش پڕۆژەی حەوزە ماسییەکان تووشی زیانی زۆر بوونەتەوە جگەلەوەی سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی کە بێ ئاو بوون.

هاوڵاتیان لەوبارەیەوە قسەیان بۆ 964 کرد و دەڵێن، “رۆژانە 30 بۆ 45 خولەک ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەردەدرێتەوە کە ئەمەش بەشی ژیانی رۆژانەیان ناکات و ئێران کۆنترۆڵی ئاوەکەی کردووە و تا ئێستا حکومەتی هەرێم و بەغدادیش تەماشاکەرن”.

هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە 964ـی وت، لە هەموو سەردانێکی وەفدی ئێران بۆ راپەڕین یان بەپێچەوانەوە کە سەردانی ئێرانیان کردبێت ئەم بابەتەیان لەگەڵیان باسکردووە بەڵام وتوویانە پەیوەندی بە سیاسەتی وەزارەتی ئاوەوە هەیە.

باسی لەوەشکرد، ساڵانە گرتنی بەری ئاوەکە بە چەو و لم و گلدانەوەی ئاوەکە بەم شێوازە چارەسەر نییە، بەڵکو پێویستە هەرچی زووە بەنداوی دەڵگە تەواو بکرێت کە لەسەر زێی بچوک دروست دەکرێت.