"هاوڵاتیان دەتوانن سکاڵا بکەن"

لە گەرمیان ساردکەرەوە دانەگیرسێنیت 15 رۆژ مینی پاسەکەت نابینییەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە ئەمڕۆ هەر مینی پاسێکی خەتی دەرەوەی شاری ناحیەکانی سەر بە قەزای کەلار ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ سەرنشینەکانیان دانەگیرسێنن سزا دەدرێن.

بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی گەرمیان لە ڕێگەی کارمەندانی ھاتووچۆوە، مینی پاسی ھێڵەکانی ھەردوو ناحیەی رزگاری و باوەنووری ئاگادار کردووەتەوە، فێنککەرەوە ئیش پێبکەن.

نزیکەی 154 مینی پاس لە ھێڵی کەلار – رزگاری و کەلار – باوەنوور کاردەکەن.

ئیدریس مستەفا، بەڕێوەبەری گواستنەوەی گەرمیان بە 964ـی وت، “هەر مینی پاسێک ساردکەرەوەی ئیشپێنەکات بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت”.

دەشڵێت، “ئەوانەی ساردکەرەوەکەیان تێکچووە دەبێت چاکی بکەنەوە و ئەوانەشی فینککەرەوەیان نییە و مۆدێل کۆنن ئەم ماوەیەی کە ھاوڵاتی پێویستی بە فێنککەرەوەیە کار نەکەن یاخود ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن”.

بڕیارەکە لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.7.2023ـەوە جێبەجێ دەکرێت و هاوڵاتیان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد