راهێنەری نەورۆز دەستی لە کار کێشایەوە و یانەکەی رەتیدەکاتەوە
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
وەلی کەریم راهێنەری یانەی وەرزشی نەورۆز بریاری وازهێنانیدا لە یانەی نەورۆز و یانەکەش رەتیدەکەنەوە قبوڵی بکەن.
دوای بەسەربردنی سێ ساڵی پڕ لە سەرکەوتن و دەستکەوت هەر لە سەرخستنی تیپەکە بۆ خولی نایابی عێراق و دوو ساڵیش رکابەری بەهێز لە خولی نایاب، دواجار وەلی کەریم راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی نەورۆز بڕیاری وازهێنانی لە یانەکە دا.
وەک 964 هەوڵی زۆردرا پەیوەندی بە کاپتن وەلی کەریمەوە بکرێت سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی لە یانەی نەورۆز، بەڵام ئەو وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
سەبارەت بە دەستەی کارگێریی یانەی وەرزشی نەورۆز لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەکەی وەلی کەریم، جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە بە 964ـی وت، هەرچەندە دەستلەکارکێشانەوەی کاپتن وەلی تووشی سەرسورمانی کردوون و وەک یانەکەیان ئەو داوایە رەتدەکەنەوە، بەڵام رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێری یانەکە ئەو داوایەی کاپتن وەلی تاوتوێ دەکەن.
وەلی کەریم لە وەرزی 2020-2021 پەیوەندی بە یانەی نەورۆزەوە کرد، لەو ساڵەدا و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی یانەکەدا سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن بۆ ریزی یانە پلە نایابەکانی عێراق، لە دوو وەرزی رابردووی خولەکەشدا سەرەرای چەندین ئاستەنگ و ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەروی یانەکە بووەتەوە، بەڵام وەلی کەریم توانی یانەی نەورۆز بکاتە ژمارەیەکی قورس و لە ئێستادا گشت یانەکانی عێراق بە تیپێکی رکابەرییەوە سەیری یانەی نەورۆز دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا