داواكارییه‌كى خۆپیشانده‌رانى كفرى بووه‌

پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار دروستده‌كرێت

964+

پێشەوا محەمەد

پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار دروستده‌كرێت و دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت، لەسەر داواکاری خۆپیشاندەرانی کفری بووە.

نوێنەری خۆپیشاندەرانی کفری کە نزیکەی 20 رۆژە بەردەوامن له‌ خۆپیشاندان، داوای پڕۆژە دەکەن لە شارەکەیان، دوێنێ چوارشەممە 26.7.2023 سەردانی دەستەی گەشتوگوزاریان کردووە و داوای پڕۆژەی گەشتیاریان کردووە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار دروستده‌كرێت و رێکارە ئیدارییەکان بۆ ئەو مەبەسەتە دەستیپێکردووە.

وتیشی “پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری شاری کفری”.

بەنداوی باوەشاسوار، دەکەوێتە ناوچەی باوەشاسوار لە ئیدارەی گەرمیان، ساڵی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوە و ساڵی ٢٠١٢ کارەکانی تەواو بووە و ئاوی تێدا ئەمبار کراوە، لە توانایدایە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بداتەوە.