دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی حوکمەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق. وێنە: KRG
هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنی موچە رێکەوتن
964+
ژووری هەواڵ
شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران و بەشەبودجەی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێکەوتن.
رێکەوتنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کراوە.
شاندەکەی هەرێم و بەغدا بە دیاریکراوی لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا گەیشتوونەتە رێکەوتن.
باسمان لە شایستە داراییەکان کرد
لەوبارەیەوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ بەغدا لە فەیسبووکی خۆی وتی، لەگەڵ لایەنی بەرامبەر باسیان لە ناردنی شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان کردووە.
ئەو کە سەرۆکی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا، ئاماژەی بەوەکردووە، “كۆنووسێكی هاوبهش لهنێوان ههردوو شاندهكه واژۆ كرا و بڕیاروایه دهستبهجێ تەمویلی ههرێمی كوردستان بكرێت”.
لە زووترین کاتدا موچە دابەشدەکرێت
لەلایەکی دیکە، پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە فەیسبووکی خۆی نووسی، “ئێستا شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی گەیشتنە رێکەوتن و لە زووترین کاتدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت”.
مانگی رابردوو، پەرلەمانی عێراق بودجەی سێ ساڵی ئاییندەی وڵاتەکەی پەسەندکرد، بڕیاروایە بە رێژەی 12.67 مانگانە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.