کانییەکی وشک سەرچاوەی ئاوی 400 نەوار و ماڵەکانی گوندێکە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە گوندی برالەی قەزای پێنجوێن، کانی مر هەیە و خەڵکە بەتەمەنەکانیش پشتاوپشت یادەوەرییان لەگەڵیدا هەیە.

ماوەی دوو هەفتەیە سەرچاوەی ئاوەکە کە تەنیا دەنۆلکەیە و ئەمساڵ ئاوی ماڵانی گوندەکە و 400 نەواری جووتیارانی داوە، بەڕادەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

لەبارەی مێژووی کانیەکە، جەمال مەحموود دانیشتووی گوندی برالە بە 964ـی وت، “لە باب و باپیرانمانەوە شاهیدی هەبوونی کانی مر بووین کە سێ جۆگەی سەرەکیشی لەسەر بووە، کە ئێستا بەڕادەیەک کەمیکردووە، پشت بە دینەمۆ دەبەستین بۆ وەرگرتنی ئاوەکەی”.

بە بەردەوامی نزیکەی 25 مۆلیدە لەسەر کانیەکەن، ئاسەواری گۆڕانی ژینگەیی و کەمبوونی ئاوەکە بە کانییەکەوە دیارە، جەمال مەحموود دەڵێت، “لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە چوار بۆ پێنج دینەمۆ ئاویان بردووە، ئێستا تەنیا دوو دینەمۆ دەتوانن ئاو رابکێشن لە یەک کاتدا”.

سەردار جەمال دانیشوویەکی دیکەی گوندە و بیرەوەری 30 ساڵەی لەگەڵ کانیەکەدا هەیە، ئەو بۆ 964ـی باسکرد، “ئاوەکە کەمیکردووە دەبێت خەڵکی گوند موراعاتی بکەن، ئەمساڵ شووتی، تەماتە، خەیار و کاڵەکی لەبەردا کراوە”.

ئێستا لەناو گوندەکە 15 ماڵ ماونەتەوە، بەشێک لەو ماڵانەیشی برالەیان جێهێشتووە، بۆ کاری کشتوکاڵ دێنەوە گوندەکەیان.

جگە لە سەدان دۆنمی دەشتی برالە، ژنانی ماڵەوەش بۆ شۆردن و خواردن و خواردن ئامادەکردن سوود لە کانیەکە دەبینن، بەڵام شیرین سابر بابەتێکی نوێی ئاشکرا کرد و بە 964ـی وت، “لەگەڵ ئەوەی کانیەکە کەمیکردووە، رەنگیشی گۆڕاوە. جاری وا هەیە پڕە لە زەروو، کە دەتوانن یەک بۆ دوو سەعاتیش رۆژانە سوود لە ئاوەکەی ببینن”.

گوندی برالە بە دووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، مێژووی دروستبوونی گوندەکە بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە.