"دەبوو ئێستا بە 450 دینار بێت"

نرخی بەنزین لە دهۆک گران بوو

964+
هیڤی دێوالی-دهۆک

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پارێزگای دهۆک نرخی بەنزین بە شێوەکی بەرچاو بەرزبووەوە، سەرۆکی لیژنه‌ی سووته‌مه‌نیش له‌ دهۆك ده‌ڵێت ناتوانن هیچ روونكرده‌یه‌ك بده‌ن.
ئێستا نرخی یه‌ك لیتر بەنزینی نۆرمال لە به‌نزینخانەکانی دهۆک به‌ 1100 دیناره‌، خاوەنی بەنزینخانەكانی دهۆکیش نازانن هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخه‌كان چییه‌، به‌ڵام هێشتا لە چەند بەنزینخانەیه‌ک لە دهۆک، لیترێك بەنزینی نۆرمال نرخی بە 750 دیناره‌.

عەبدولسەمەد تێلی، ئه‌ندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک و سەرۆکی لیژنه‌ی چاودێریی سووته‌مه‌نى بە 964ی وت، “ئێمە ناتوانین هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین بده‌ین، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکرده‌وه‌ بدات، ئێمه‌ ته‌نیا چاودێریی به‌نزین ده‌كه‌ین”.

وتیشی، ” ئه‌م بارودۆخه‌ جێگه‌ی سەرسوڕمانە، ده‌بوو ئێستا نرخی بەنزین بە 450 دینار بێت، چونكه‌ ئێمە سووتەمەنی دەفروشینە حکومەتی عیراق، به‌ڵام بۆ ناوخۆی هەرێم بە قەد پێداویستی خەڵک دابین ناكرێت”.

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ته‌نیا له‌ دهۆك نییه‌، به‌ڵكو له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش گران بووه‌”، عه‌بدولسه‌مه‌د تێلی وای بۆ 964 وت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، هه‌ر ئه‌مشه‌و به‌ مەبەستی هەرزانکردنی نرخی بەنزین، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڕیاری دا قەدەغەی سەر هاوردەکردنی بەنزین هەڵبگرێت و رێگه‌ به‌ بازرگانان و كۆمپانیاكان بدات له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌نزین هاورده‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها بڕیاردرا رێگە بە هەناردەکردنی بەنزین لە پاڵاوتگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی هەرێم نه‌درێت.

پێداچوونه‌وه‌ی: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا