کوردستان و عێراق رووبەڕووی مین دەبنەوە

964+

وەفدێکی فەرمانگی “مین”ـی بەغدا لە هەولێرن و لەگەڵ دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ کردووە و پلانی ستراتیژی هاوبەش دادەڕێژن.

رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیان کردووە و یاداشتەکەیان ئامادە کردووە و پێویستی بە رەزامەندی هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمە.

لەدوای ساڵی 2013ـەوە ئەو دوو دەزگایە پەیوەندیان نەمابوو.

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم بە 964ـی راگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەزگاکەیان سوودمەند دەبێت لەو بوودجەیەی حکومەتی عێراق بۆیان دابین دەکات و ئەوانیش لە سەنتەرەکانی دروستکردنی کادر لە هەرێم سوودمەند دەبن.

وتیشی، “پێشتر هەر رێکخراوێک لە هەرلایەکمان کاری بکردایە بۆی نەبوو بچێتە لایەکی دی بۆ کارکردن، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە ئێستا رێکخراوەکان کە لە لایەک مۆڵەتی هەبوو دەتوانێت لە لاکەی دیکەش کاربکات”.

وەک جەبار مستەفا ئاماژەی پێدەدات، دوای لێکتێگەیشتنەکە بەیەکەوە پلانی ستراتیژی دادەڕێژن.