سلێمانی خۆی بۆ شەوی یەڵدا ئامادە دەکات
964+
دیلان محهمهد جهزا – سلێمانی
لە شاری سلێمانی ئامادەکاریی بۆ شهوی یهڵدا دەکرێت و چەندین بۆنە بۆ ئەو شەوە ئامادە دهكرێت.
سەرکەوت عەلی سکرتێری کۆمەڵەی کەلەپووریی کورد بە 964+ی راگەیاند، یەکێک لەو بۆنانەی كه کۆمەڵەی کەلەپووریی کورد لە دوای ڕاپەڕینەوە کاری بۆ دەکات، جەژنی شەوی چلەیە، كه به شهوی یهڵدا ناسراوه.
وتیشی، “یەڵدا، وشەیەكی سریانیە و بە واتای لەدایکبوون دێت، لە کوردەواریدا یەکەم شەوی زستانە”.
باسی لەوەش کرد، شەوی چلە یەکێکە لەو بۆنانەی خەڵکی بە هیواوە دادەنیشێت تا بەرەبەیان بە خۆشی و ئاهەنگ گێڕانەوە.
“بۆ ئەمساڵ لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی، ئاهەنگ و شانۆگەری و بابەتی تایبەت بەو بۆنەیە ئامادە کراوە، پێشانگایەکی تایبەتیش لە رۆژانی ٢١ و ٢٢ی ئهم مانگه بۆ هونەرمەند سەرچڵ شەوقی لە هۆڵی ئەمنە سوورەکە دەکرێتهوه”، سەرکەوت عەلی وای وت.
ههروهها ئاشكرای كرد، ئهوان خۆبهخشانه ئهم كاره دهكهن.
ئاوات حوسامەدین نوێنەری پهیڕهوانی ئایینی زەردەشتی لە وەزارەتی ئەوقافی ههرێمی كوردستان بە 964+ی وت، وەک زەردەشتییەکان لە زۆر شوێنەوە هەوڵیان داوە ئەو جەژنە بکەن، بهڵام لەبەر بارودۆخی مادیی ناتوانن لەسەر ئەرکی خۆیان ئەنجامی بدهن.
ئهو دهڵێت، زیاتر بەو چالاکییانە بەشدار دەبن، کە خەڵک دڵخۆش دەکات، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ، نمایشی کورت، نمایشی جلوبەرگ، خواردن و پیشاندانی کلتوری کوردەواری.
“زۆر گروپ هەیە پێی خۆش نییە لەگەڵ ئێمەدا بەشدار بێت، ئێمە ویستمان لەگەڵ کۆمەڵەی کەلەپوور ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەوان دەڵێن ئێمە نامانەوێت، چونكه ئێوە دیارن و سەرجەم چاوەکان لەسەر ئێوە دەبێت، ئەم جەژنە زەردەشتییە بۆیە لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری رێكی دهخهین”، ئاوات حوسامهدین وای وت.
بهگوێرهی ئەفسانە و گێڕانهوه كۆنهكان، شەوی یەڵدا لە ٢١ی ١٢دا خۆر لەدایکدەبێت و پێی دەڵێن شەوی زانین، لە ٢١ی ٣ خۆر گەنج دەبێت و پێی دەڵێن نەورۆز و لە ٢١ی ٦ خۆر گەورە دەبێت و پێی دەڵێن جەژنی تیرکان یان ئاوان، دواتر لە ٢١ی ٩ خۆر پیر دەبێت، لەو کاتەدا شەو درێژ دەبێت و نابێت بخهویت تا خۆر هەڵدێت و دهگوترێت ئهگهر دوعا بکەیت، قبوڵ دەبێت.