خۆپیشاندەرانی خانەقین هەڕەشە دەکەن
964+
راژان باجەلان – خانەقین
سەدان کەس لە خەڵکی خانەقین لە کرندی لە سەنتەری بازاڕی خانەقین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.7.2023 سەدان کەس لە خەڵکی شاری خانەقین لە فولکەی کرندی گردبوونەوە و بە هەڵگرتنی هەردوو ئاڵای کوردستان و عێراق دروشمی چەندین داواکارییان دەوتەوە.
ئەحمەد ئەیاد، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە 964ـی وت، داواکارییەکانیان ئاسانترتن مافەکانی ئەم شارەیە، داوای دانپێنان بە زانکۆی گەرمیان و دانانی بەڕێوەبەری کورد بۆ فەرمانگەکان و هەروەها جێگری سەرۆکی پۆلیسی دیالە بۆ کورد ببێت.
سەروەر عەلی یەکێکی تر لە چالاکوانەکانی شاری خانەقین و رێکخەری خۆپیشاندانەکە بە 964ـی وت، “هەمان زوڵمی حکومەتی بەعس ئێستا لە خانەقینییەکان دەکرێت، ئەوکات کورد سەرکوت دەکرا و ئێستاش هەمان شت، بێ بەش کراوین لە دامەزراندن و لە دیالە هیچ پۆستێک بە کورد نادرێت، ئەگەر بە زووترین کات حکومەتی ناوەند بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەیەت ئەوا هەڵوێستی توندترمان دەبێت“.
خۆپیشاندانەکەی هاوڵاتیانی خانەقین کاتژمێرێکی خایاند و ئەوان دووپاتیان کردەوە ئەو داواکاریانەی کە هەیانە بۆیان جێبەجێنەکرێت بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی