پرۆژەکە پارەی پێویستە
پرۆژەیەک هەیە گەشتیار لە ئەزمەڕەوە گەردوون ببینێت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
پرۆژەی بناغەکردنی ناوەندی گەردوونناسی لە چیای ئەزمەڕی سلێمانی، کە لە ساڵی 2016ـوە بیرۆکەکەی بوونی هەیە، تا ئێستا چاوەرێی پارەیە، کە کوردستان بە ناوەندەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و ئەفریقا دەبەستێتەوە.
ئەو ناوەندە دەتوانێت، ببێت بە ئەندام لە نێو تۆڕە جیهانییەکانی پێشبینی و گۆڕانکاریی گەردوونی، کەشوهەوا، توێژینەوە و راهێنان، کە بڕیارە چەند کەسایەتییەکی ئەکادیمیی بیانی و ناوخۆیی سەرپەرشتی بکەن، لەگەڵ دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری زانستی کە گەشتیار راستەوخۆ سەیری گەردوون بکات.
پرۆژەکە هاوبەشە لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی.
پۆڵا خانەقا، سەرۆکی دەستەی کوردستانی ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ـی وت، “پرۆژەکە تەواو زانستییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری راداری هەواڵگری و سەربازی نابێت”.
بە وتەی پۆڵا خانەقا بێت، ستراتیژیی پرۆژەکە بریتی دەبێت لە پردی ئاڵوگۆڕی زانستی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا، جێگرەوەیە بۆ پێزانینی راستەوخۆ بە سەرجەم رووداو و گۆرانکارییە گەردوونیەکان، وتیشی، “ئەمە دەبێتە یەکەم ناوەندی گەردوونی لە عێراق”.
لە بارەی پرۆژەی زانکۆ و ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتەکەی، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، “بۆ ئەو پرۆژانەی دەچنە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی زانستی، سەربەخۆی بڕیاردانمان بە زانکۆکان بەخشیوە”.
بە گوێرەی سۆراغی 964، بەهۆی گرنگیی جوگرافیای ناوچەکە، لە سەرەتادا داوای 40 دۆنم زەوی بۆ پرۆژەکە کراوە و لە مینیش پاککراوەتەوە، کە کۆی تێچووەکەی سێ ملیۆن دۆلارە و بەشێک لەو پارەیە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی تەرخان دەکرێت.
بەهۆی پێویستبوونی پرۆژەکە، ناوەندەکانی دیکە داوای جێنەجێکردنیان لە هاوبەشەکانیان کردووە، هەربۆیە کۆمپانیا ئەڵمانییەکەش رایگەیاندووە، “تا دابینکردنی دارایی پرۆژەکە دەوەستێت”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر