بۆ راوی بەراز چوو بەڵام کوژرا

964+

هەژین فەتاح – دهۆک

درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە یەکێک لە شاخەکانی ناحیەی چەمانکێ هاوڵاتیەک بە هەڵە فیشەکی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا.

ئەو هاوڵاتییە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ راوی بەراز چووبوون بۆ یەکێک لە شاخەکانی گوندی مێزێی لە ناوچەی نهێلی ناحیەی چەمانکێ.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ی وت، “لەسەر ئەو رووداوە کەسێکمان دەستگیرکردووە، بەپێی مادەی 405 لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت”.

سەرچاوەیەک بە 964ی وت، ئەو کەسانە بەیەکەوە رۆیشتبوون ژمارەیان پێنج کەس بوو، بۆ راوکردنی بەراز لەوێ بوون، یەکێک لەوانەی تفەنگی تایبەت بە راوی بەرازی لابووە بەهەڵە فیشەک لەدەستی دەرچووە و بەر هاوڕێکەی کەوتووە، تەرمی ئەو کەسە لە نەخۆشخانەی چەمانکێیە.

ئەو هاوڵاتیەی کوژراوە ناوی گۆرگیس یاقو بوزویە و تەمەنی 55 ساڵە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی