لە 24 کاتژمێری رابردوودا 8 کەس بە رووداوی هاتوچۆ مردوون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە پێنج ناوچەی هەرێمی کوردستان بەهۆی پێنج رووداوی هاتوچۆوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەختترین و خوێناویترین رووداوی هاتوچۆی ئەمڕۆ، ئەوەی ئەوەی قەزای شارەزوور بوو کە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کرۆلا و تۆیۆتا کامری لە گوندی تەپی کەرەمی نێوان ناحیەی زەڕایەن و قەزای سەیدسادق روویدا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی تریش بریندار بوون.

لە رووداوێکی هاتوچۆی دیکەدا، کە شەوی پێنجشەممە لە نزیک گوندی ئامۆکان لە دەشتی ھەریر روویدا و بەهۆی وەرگەڕانی کرۆلایەکەوە بوو، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

هەر شەوی رابردوو، ماترۆسکیلێکی سێ تایە لە گوندێکی قەڵادزێ وەرگەڕا و سێ کەس بریندار بوون و کەسێک گیانی لەدەستدا، هەموویان ئەندامی یەک خێزان بوون و بۆ کاری کشتوکاڵی چووبوونە گوندەکە.

هەروەها لە رێگەی سەرەکی قەزای شێخان بۆ ناحیەی زێلکان، رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل روویدا و هەشت کەس بریندار بوون.

لە سنووری برادۆستیش، پاش نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، دوو هاوژین بە رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەڕان گیانیان لەدەستدا.