"حاڵەتێکی دەگمەنە"

لە گەرمیان دار بەڕوویەک رواوە

964+

میلاد جەلال

دار بەڕوو بەوە ناسراوە کە لە ناوچەی کەشوھەوا فێنک و شاخاوییەکان دەڕوێت، بەڵام دار بەڕوویەک لە گوندی تازەدێی سەر بە قەزای کەلار، لە کەش و ھەوای گەرمدا رواوە و کشتوکاڵی گەرمیانیش بە حاڵەتێکی نامۆی دەزانێت.

دار بەڕووەکە ماوەی نزیکەی 25 ساڵە لەناو بۆیسانی ھاوڵاتیەک سەوز بووە.

قادر ساڵح ئەو ھاوڵاتیەیە کە خزمەتی دارەکە دەکات، بۆ 964ی باسکرد، “لە کاتی ئینتیفازەکە کە لە ئێران ھاتینەوە براکەم ئەو بەڕووەی چاندووە، لەوکاتەوەی لە ژیان نەماوە خۆم خزمەتی دەکەم تاوەکو ئێستا”.

حاجی قادر دەشڵێت، تەمەنی 87 ساڵە و تاوەکو ئێستا نەیبیستووە بڵێن لە سنوری گەرمیان دار بەڕوو ھەبێت، ئەمە داربەڕووە تاقانەکەی گەرمیانە و ھەموو ساڵێک بڕێکی باش بەڕوو دەگرێت، بەڵام دوو ساڵی رابردوو بەھۆی وشکەساڵی بەرھەمی نەبووە.

لەبارەی بوونی ئەو دار بەڕووە، ستار عەلی بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـی وت، “ھەبوونی دار بەڕوو لە گەرمیان حاڵەتێکی نامۆ و شازە، چونکە لەگەڵ کەشوھەوای ناوچەکە ناگونجێت، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە خزمەتێکی باشی بکرێت”.