دۆلاری ئەمریکی دەردەکەوێت لەجۆری 100 دۆلاری. وێنە:964+
بانکی ناوەندی بۆ بانکە سزادراوەکان: مامەڵە بەهەموو پارەیەک بکەن دۆلار نەبێت
964+
فەهمی نەبی
بانکی ناوەندی لە پێنج خاڵدا رێنمایی بۆ ئەو 14 بانکە راگەیاند، کە لەلایەن ئەمریکاوە سزایان خراوەتەسەر، لەمەودوا ئەو بانکانە دەتوانن مامەڵە بە هەموو دراوێک بکەن، تەنیا دۆلار نەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی بڕیارێکی نوێی بۆ ئەو بانکانە راگەیاند، کە گەنجینەی ئەمریکا سزای خستوونەتەسەر، بە گوێرەی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی، فرۆشتن و هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دۆلار لەگەڵ ئەو بانکانە قەدەغەیە.
رۆژی چوارشەممە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوان سزایان بەسەر ئەو بانکانە سەپاندووەم لە بەرامبەر کردەی شووشتنەوەی پارە و مامەڵەی دارایی گومانلێکراو.
بانکی ناوەندی دەڵێت، ئەو سیستمەی ئێستا عێراق پەیڕەوی دەکات (سەکۆی ئەلیکترۆنی) لەلایەن هەریەکە لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێت، بۆیە بانکەکان هاندەدات کار بەو سیستمە بکەن.
بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، هەندێک لە بازرگانان دۆلار لە بانکەکان دەکشێننەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بڕیارەکانی ئەمریکا لە بارەی ئەو 14 بانکەی سزایان خراوەتەسەر، لە نووسینگەکانی مامەڵەکردنی دراو، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار و 500 دینار.
بانکی ناوەندی ئەوەشی دەڵێت، رێگری لەو بانکانە لەلایەن ئەمریکاوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، بەرلەوەی حکومەتی ئێستا دەستبەکاربێت و بەرلەوەی عێراق دەست بە سیاسەتی مامەڵەکردنی دراو بە شێوەی ئەلیکترۆنی بکات.
هاوکات ناوی ئەو 14 بانکەی لەلایەن ئەمریکاوە سزایان خراوتەسەر، لەلایەن بانکی ناوەندی بڵاوکراونەتەوە، کە ئەمانەن:
1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی.
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی.
7- بانکی عەبرەلعێراق بۆ وەبەرهێنان.
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان.
9- بانکی راجحی ئیسلامی.
10- بانکی سۆمەری بازرگانی.
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی.
12- بانکی دارایی ئیسلامی.
13- بانکی جیهانی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.