لە رانیە کەسێک بە تۆمەتی رفاندنی جانتای ژنان دەستگیر کرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی دزیکردن راگەیاند و دەڵێت، لە رانیە هەوڵی دزینی جانتای ژنێکی داوە.

تۆمەتبارەکە تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵییە و ویستویەتی بە ماتۆرسکیل دزییەکەی بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19.7.2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند پەیجێكدا بڵاوکرایەوە، چەند ماتۆڕسکیلێك هەوڵی دزینی جانتای ژنێکیان داوە، لێکۆڵینەوەیان کردووە و دوای کەمتر لە یەک کاتژمێر شۆفێری ماتۆرسکیلەکە ناسراوەتەوە و دەستگیر کراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، “رووداوەکە ئەمڕۆ بووە و تۆمەتبارەکە لەبەردەم نەخۆشخانەی سمارت لە رانیە هەوڵی دزینی جانتای ئافرەتەکەی داوە، بەڵام ئافرەتەکە بەرەنگاری بووەتەوە و تۆمەتبارەکە هەڵهاتووە”.

پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت،  تۆمەتبار بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی، لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.