كای گەنم و جۆ بۆ رەشەوڵاغ و كای پاقلەكان بۆ مەڕ و بزن باشە
جوتیارانی شارەزوور و شارباژێڕ دەستیان بەكۆكردنەوەی كای ئەمساڵ كرد
964+
كوردستان ئەحمەد
لە هەرێمی كوردستان وەرزی كۆكردنەوەی كایە و هەر فەردەیەكیش كا بە 15 هەزار دینارە.
كای ئەمساڵ رەنگێكی جوان و بۆنێكی خۆشتری هەیە، كاكە ورد و پوختە، چونكە ئەمساڵ گەنم و جۆ و بابەتی دانەوێڵەكان بەهۆی بارانی زۆرەوە تێرو تەسەل بووە.
كا لە پاشماوەی گەنم و جۆ و نۆك و نیسك و بابەتە دانەوێڵەكان دروستدەكرێت، ئەو پاشماوەیەی لە دەڕاسە و دەسكەنەی دانەوێڵە دەمێنێتەوە، لە رێگەی هەباشەوە ورد ورد دەكرێت.
كای گەنم و جۆ، نرخەكەی لە كای نۆك و نیسك وبەرهەمە پاقلەمەنیەكانی هەرزانترە، لەبەر ئەوەی كەمپڕۆتین و كەم سەرچاوەی خۆراكییە، ئەمساڵ لە بازاڕدا 15 هەزار دینار دەكات و كای پاقلە مەنیەكانیش 20 هەزار دینار دەكات.
لە شارەزور و شارباژێڕ هەندێك جوتیار راستەوخۆ پوش و پەڵاشی بەرهەمەكەی دەكات بە كا، بەڵام بەشێك لە جوتیارەكان ماوەیەكی پێدەچێت پاشان دەیكات بە كا بۆ ئەوەی زیاتر لەبەر خۆر بمێنێتەوە.
هەر یەك دۆنم زەوی كە بەگەنم چێنرابێت، نزكەی 25 گونی كای تێدایە، كای بەرهەمە پاقلەمەنیەكان كەمترە، بۆنێكی تیژی و خەستی هەیە و پڕترە لە سەرچاوەی خۆراكی بۆ ئاژەڵ.
لە وەرزی زستاندا، كا لەگەڵ جۆ و وردە نان تێكەڵدەكرێت، دەدرێت بە ئاژەڵی گەورەی وەك جوانەگا و رەشەوڵاغ، بەڵام كای بەرهەمە پاقلەمەنیەكان زیاتر دەدرێت بە ئاژەڵی وردەی وەك مەڕ و بزن و كاوڕ و گیسك.