چی روویدا؟ گەشتەکانی هەولێر و سلێمانی بە هۆکاری تەمومژاوی راگیران

+964

زیاتر لە سێ کاتژمێر گەشتەکانی فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی راگیران، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ هۆکارێکی یەکلاکەرەوە نەخرایە روو بۆچی ئەوە روویدا؟، زۆربەی زانیاری و لێدوانەکان تەمومژاوین و نازاندرێت بۆچی ئەوە روویدا؟

چی روویدا؟
شریتی رووداوەکانی دوێنێ شەو بەم شێوەیە بوو:

چی روویدا؟ گەشتەکانی هەولێر و سلێمانی بە هۆکاری تەمومژ...

چی روویدا؟ گەشتەکانی هەولێر و سلێمانی بە هۆکاری تەمومژاوی راگیران

21:00: دەنگۆی راگرتنی گەشتەکانی هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بڵاوبوونەوە.

21:17: سەرچاوەیەک لە ناو فرۆکەخانەی هەولێرەوە بە 964ی وت: بەڵێ راستە گەشتەکان راگیراون.

21:28: سەرچاوەیەکی باڵا لە فرۆکەخانەی هەولێر بە 964ی وت: سبەی وەزیری بەرگری فەرەنسا دێتە هەولێر، لەبەر ئەوە گەشتەکان راگیراون.

22:00: بەشێکی میدیا کوردییەکان وتیان راگرتنی گەشتەکان بەهۆی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بووە لە فرۆکەخانەی هەولێر.

22:50: وەزیری گواستنەوەو گەیاندن: هیچ کێشەیەکی تەکنیکی یاخود ئەمنی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نییە.

22:55: فرۆکەخانەی هەولێر: گەشتەکان دەستیان پێکردەوە

23:00: کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراق بۆ کەناڵی رووداو: بەهۆی بوونی فرۆکەی بێفرۆکەوان و درۆن گەشتەکان راگیراون.

23:05: ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بە کوردستان 24ی رایگەیاند: راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق بووە بەهۆی بوونی فڕۆکەیەکی جەنگی یاخود درۆنێک کە هاتووەتە ئاسمانی عێراقەوە.

تا ئەم پێش نیوەڕۆیەش هیچ یەکێک لەم هۆکارانە بە تەواوی یەکلانەکرانەوەو قسەی جیاوازیان لەبارەوە دەکرێت.
دەسەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی عێراقی نە روونکردنەوەی داوەو نە هیچ لێدوانێک دەدات، وەزارەتی بەرگری عێراقیش لەو بابەتە بێدەنگە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت دوێنێ بە هیچ شێوەیەک راهێنانی هاوپەیمانان لە هیچ یەکێک لە فرۆکەخانەکان ئەنجام نەدراوە.

دەنگۆیەکی دیکەش ئەوە بوو کە رەنگە راگرتنەکە بە هۆی هەڵدانی سیستەمی ستارلینکەوە بێت، کە دوێنێ شەو رووناکییەکەی لە ئاسمانی کوردستان بینرا، بەڵام ئەم گریمانەیەش ساغنەکراوەتەوە.

دوێنێ شەو لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکە 964 لە زاری سەرچاوەیەکی ناو فرۆکەخانەی هەولێرەوە بڵاویکردەوە کە ناتۆمێک ئاڕاستەی فرۆکەخانەکان کراوە، NOTAM بروسکەیەکی بەپەلەیە کە رەوانەی تیمێک دەکرێت پێشوەختە ئاگاداری نەبوون، ئەمە لەکاتی بارە نائاساییەکاندا بەکاردێت.

کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە کاروان یاروەیس پەرلەمانتارە کوردەکەی بەغدا ناردنی ناتۆمەکەی پشت راست کردەوەو وتی زانیاریمان هەیە کە بە هۆی سەلامەتی فرۆکەوانییەوە ئەو گەشتانە راگیراوە.

فرۆکەخانەی سلێمانی بێدەنگی هەڵبژاردووە

لە دوێنێ شەوە تا ئەم بەیانییەش فرۆکەخانەی سلێمانی لەو بابەتە بێدەنگە، نە بسی راگرتنی گەشتەکان دەکات و نە باسی دەستپێکردنەوەی.

964 پەیوەندی کرد بە هەندرێن هیوا موفتی، بەرێوبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و دانا محەمەد بەرێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەڵام هیچ لەو بارەیەوە ناڵێن.

سەرچاوەیەک ئاگادار لە گەشتەکانی نێو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە 964ی وت: شەوی رابردوو دوو گەشتی چوون و هاتن لە فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ بەغداد و بۆ بەسرە دواکەوتوون، دوو فرۆکەکە دوای یەکی شەو گەیشتوون و درەنگانێک گەڕاونەتەوە بۆ بەغداو بەسرە.

تیمی 964 تەماشای خشتەی سەر وێبسایتی هەردوو فرۆکەخانەکەی کرد، لە فرۆکەخانەی هەولێر ئاماژە بە دواکەوتنی گەشتەکان کراوە، بەڵام لەوەی سلێمانی تەنیا گەشتەکان سڕاونەتەوەو هیچ ئاماژەیەکی تر نەدراوە.

ئەحمەد مستەفا و دیلان محەمەد جەزا پەیامنێرانی 964بەشداربوون لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە