کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی کۆتای کریستیانەکان لە سلێمانى دواخرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لەسەر سکاڵای ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، کە لەبارەی دیاریکردنى کۆتای کریستیانەکان لەو پارێزگایە تۆمارکراوە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە.

بەپێی خشتەى دانیشتنەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیار بوو ئەمڕۆ رێکەوتی 18.7.2023، دادگاکە تاوتوێی سکاڵاکەی ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کۆتاى کریستان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئامانج نەجیب شەمعوون بە 964ـی راگەیاند لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات، ماددەی نۆ و 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى لەقەڵەمبدات، کە تایبەتە بە کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان.

وتیشی، لەسەر داوای پارێزەرەکانی بەهۆی گرتنەبەری رێکاری ئیداری زیاتر، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق دواخراوە.

“داوا دەکەین کریستیانەکانى سلێمانى کورسییەکى کۆتایان هەبێت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، سکاڵاکەم بۆ ئەو مەبەستە تۆمار کردووە”، ئامانج نەجیب شەمعوون وای وت.

مادەى نۆى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هەرێمى کوردستانى وەک یەک بازنەى هەڵبژاردن دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.

بە پشتبەستن بە مادەی 36ـی یاسای هەڵبژاردن، لە هەرێمی کوردستان پێنج کورسی کۆتا بۆ کلد و ئاشووری و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن دیاریکراوە.