قەڵای بانەمان تەلبەنكرا

964+
كوردستان ئەحمەد
دەورووبەری قەڵای دێرینی بانەمان بۆ ئەوەی تێكنەچێت و گەشتیار نەچێتە ناو باڵەخانەكەوە تەلبەن كرا.

قەڵاكە بەبەرزایەكەوەیە لە نزیك گوندی بانەمان، لەسەر رێگەی شەقڵاوە،بەبەرد و قسڵ بەشێوازە كۆنەكەی خۆی نۆژەنكراوەتەوە، هەر لە دوورەوە دەردەكەوێت كە قەڵایەكی دێرێن و دیمەنێكی سەرنجراكێشی هەیە.

لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن شوێنەواری هەولێرەوە بۆ پارێزگاریكردن لە قەڵاكە و رێگری كردن لە چونی گەشتیار بۆ سەر قەڵاكە و هەروەها چونی ئاژەڵ بۆ سەر قەڵاكە و ناو باڵەخانەكە تەلبەنێكییان بەبەرزی مەتر و نیوێك و بەدەوری باڵەخانەی قەڵاكەدا دروستكرد.

قەڵای بانەمان دەكەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر و لە نێوان چیای پیرمام و چیای خانزادەوەیە .
بەرزیەكەی دەگاتە 40 مەتر لە ئاستی رووی زەوی و دروستبونی ئەو قەڵایە بۆ سەردەمی میری سۆران  دەگەڕێتەوە.
لە دوو نهۆم دروستكراوە لە بەرد و لە قشڵ دروستكراوەو چوار بورجی شێوە بازنەیی هەیە .
لە ساڵی 2007 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر نۆژەن كراوەتەوە .