وەزارەتی خوێندنی باڵا كورسی خوێندن بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دابیندەكات
964+
كوردستان ئەحمەد
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حەوت خاڵی بڵاوكردەوە و دەڵێت، دوای نۆ كاتژمێر كۆبونەتەوە و چەند بڕیارێكیان لە قازانجی خوێندكاران داوە.
چەسپاندنی ئەنجامی بەرایی پرۆسەی خوێندینی باڵا لە دیبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا و پێدانی 10 نمرە بۆكەسوكاری شەهیدان ودانانی كوردی بۆ ناوچە دابڕاوەكان بەشێك لە ئەنجامی كۆبوونەوەكە بوو.
ئەو خاڵانەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەرداوە
1- چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) دواى راگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.
2- ئەو پێشکەشکارانەى کە لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچوون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنى زانکۆکان لە رێگەى گواستنەوەى (موناقەلە)ى کورسییەکان لەهەمان بەشى زانستى یان زیادکردنى کورسى بەپێى تواناى بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشى زانستى نێوان زانکۆکان، کورسى خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لە رێگەى گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانى بنەڕەتى زانکۆکان، ئەوا بەشێوازى پارالێڵ دەبێت، ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانى کورسى خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچوان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەى سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنى خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولى داهاتوو.
3-دواى جێبەجێ کردنى خاڵى دووەم، ئەگەر لەو بەشانەى کە کورسیەکانیان بەهۆى دەرنەچوونى پێشکەشکاران پڕنەبوو، ئەوا کورسیەکانیان پڕدەکرێتەوە بە رەچاوکردنى ریزبەندى نمرەى توانستى زانستى پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنى باڵا، گشتى، پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتو لە (10) کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازى پارالێڵ دەبێت.
4- کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى، ئەوانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نمرەکەیان لە (10) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.
5- کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە ڕێژەى (70%)، کە لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشتراست دەکرێتەوە، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتوو لە (10) کەمتر نەبێت .
6- بڕیاردرا بە تەرخانکردنى کورسى خوێندن بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرى خاڵەکانى (4، 5).
7- بڕیاردرا ئامادەکارى بکرێت بۆ راوندێکى ترى خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان راسپێردران لەسەرەتاى مانگى 9ى 2023پلانى نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتى بنێرن.