پلەكان بەرزتر دەبنەوە
لە هەرێم پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە و پلانیش نییە بۆ کەمکردنەوەی دەوام
964+
كوردستان ئەحمەد
پێشبینیی دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە کوردستان هەڵبکشێن، بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێک نییە بۆ کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پێشبینیی کردووە ئەم یەک دوو رۆژە پلەکانی گەرما داببەزێت و پێنجشەممە دیسان بەرز ببێتەوە، ناوەندە کەشناسییەکانی جیهانیش مەزەندە دەکەن کۆتایی ئەم هەفتەیە لە عێراق و دەوروبەری دیاردەی گومەزی گەرما رووبدات و پلەی گەرما بچێتە سەروو 50 پلەی سەدی.
لە عێراق پارێزگاکانی بەسرە و دیالە خۆیان بۆ ئەم شەپۆلە ئامادە کردووە و دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەمکراوەتەوە بۆ کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ، بەڵام لای خۆمان هیچ پلان و بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە.
ئاسۆ حاجی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە 964ی وت، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوام كەم بكاتەوە بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە.
ئەمڕۆ 964 زانیاری ورد لە بارەی گومەزی گەرما بڵاودەکاتەوە.