چیتر تازە زاواکان ناچنە تکریت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

هاوڵاتیانی دووزخورماتو چیتر پێویست ناکات بۆ پشکنینی خوێن، بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری بچن بۆ شاری تکریت.

بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی عیراق، جارێکی دیکە سەنتەری پشکنینی خوێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری گەڕایەوە قەزای دووزخورماتو.

د. ئەحمەد عەلی، جێگری فەرمانگەی تەندروستیی تکریت و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی دووزخورماتو بە 964ـی وت، نزیکەی ساڵێک بوو ئەو پشکنینە لە دووز ئەنجام نەدەدرا و دەبوو تازە زاواکان سەردانی تکریتیان بکردایە بۆ پشکنینی خوێن.

“ماوەی دوو رۆژە ئەو پشکنینە لە نەخۆشخانەی گشتیی دووز ئەنجامدەدرێت، ئەوەش بە رێکەوتنی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کە کەلوپەل و پێداویستییەکانی دابین کردووە”، د. ئەحمەد عەلی وای وت.

هاوڵاتی ئازاد موحسین، دانیشتووی قەزای دووزخورماتووە، تازە کچەکەی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە و بۆ پشکنینی خوێن چوونەتە تکریت، ئەو دەڵێت، “حکومەت بۆ پشکنینی خوێن 75 هەزار دیناری وەرگرتووە، لەگەڵ خەرجی هاتوچۆدا 215 هەزاریان خەرج کردووە”.

بە وتەی کەریم مەلا شوکور، نوێنەری کوردی دووز لە ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی، جگە لە گەڕانەوەی پشکنینی خوێن بۆ قەزاکە، لێژنەی تەندروستیی بینینی خاوەن پێداویستە تایبەتەکانیش لە تکریتەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ قەزاکە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر