مشارێک لە شوێنی تەرمەکە دۆزراوەتەوە
رانیە: منداڵێکی هەشت ساڵان بە کوژراوی دۆزرایەوە
+964
ژێوار خدر- راپەڕین
لە شاخی ههنجیرهی نزیك گهڕهكی تیتۆكه له شاری رانیە تەرمی منداڵێك دۆزرایەوە، کە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە
منداڵە كوژراوەكە تەمەنی هەشت ساڵانە و بە خهڵكی رۆژئاوای كوردستانه.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت: لە دوێنێوه 15.7.2023 دوای ئەوەی هاوڵاتییەکی خهڵكی رۆژئاوای كوردستان سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی کردووە و سکاڵای تۆمار کردووە لە دژی کەسێکی نەناسراو، لەسەر ئەوەی کە بە فێڵی شتکڕینەوە کوڕەکەی لە ماڵ بردووەتە دەرەوە، دواتر نەگەڕاوەتەوە.
وتیشی دوای بەدواداچوون توانیویانە تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، کە کوڕێکی تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتوی رانیەیە، بە گوێرەی قسەی بنەماڵەکەی تۆمەتبارەکە لە رووی دەروونییەوە ناجێگیرە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە،
تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییهكاندا وابڵاوبووەتەوە تەرمی منداڵەكە زۆر شێوێندراوە و ئەندامانی جەستەی وەك دڵ و گورچیلە و ناوەوەی دەرهێنراوە.
“راستە تەرمەکە زۆر شێوێندراوە، لە شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە ئامێرێکی مشاریش دۆزراوەتەوە، بەڵام تا راپۆرتی پزیشکی دادی دەرنەچێت و لێکۆڵینەوەکانمان تەواو نەبن، ناتوانین لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکەین” شۆڕش ئیسماعیل وای بە 964 وت.
تیتۆكه پێشتر گوندێك بوو، ئێستا گهڕهكێكه له رانیه و شاخی ههنجیرهش له نزیك گهڕهكهكهیه.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا