گەنجێکی رواندز فایلی دەنگی دەگۆڕێت بە نوسین

964+

ئاسۆ فەیسەڵ – رواندز

ڤیدیۆ

عەبدولهادی عەباس گەنجێکی ٢٥ ساڵەی قەزای رواندزە، توانیویەتی بۆ یەکەم جار، لە زمانی کوردی ناوەندیدا، ئاخاوتن بگۆڕێت بۆ وشە و رستە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کاری دەنگ و نوسین دەکەن.

بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٣ ئەو بیرۆکەیەی بۆدروست بووە، کاتێک کۆمەڵێک فۆڵدەری دەنگی هەبوون و پێویست بووە بیانگۆڕێت بۆ نوسین، ئەمەش کاتێکی زۆری پێویست بووە، بۆیە چووەتە بەشی کۆمپیوتەرو لە هەمان بوار ماستەریشی بەدەستهێناوە.

ئەو دەڵێت، ئەو سیستمە لە زمانەکانی تردا هەیە بەڵام لە کوردیدا نەبووە، بۆیە بڕیاردەدات ئەو سیتەمە بۆزمانی کوردی سۆرانی زیاد بکات.

بە قسەی خۆی، چوار هەزار دەنگی جیاوازی تاقیکردووەتەوە، زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن وشەی کوردی گۆڕیوە بۆ نوسین، سیستمێکی دروستکردووە کە دەتوانێت هاوشێوەی منداڵ فێری زمانی کوردی ببێت.

عەبدولهادی لە رێگەی 964+ داوا دەکات، لایەنی پەیوەندیدار هاوکاری بکات لە پێشخستنی ئەو ئیشەی دەستیپێکردووە، تاوەکو پرۆژەکە گەورەتر بکات و خەڵکی بە گشتیی سودی لێ ببینن.

پێویستی بە لایەنێکە تاوەکو هاوکاریی بکەن لە دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێک بۆ سیستمەکە.

ئەو گەنجە لە خەڵاتەکانی دەزگای روانگە توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت لە بابەتی پرۆگرامسازیدا.