10 بیری پارکەکانی هەولێر وشکیان کردووە

964+

فەهمی نەبی

بەشێک لە پارکەکانی هەولێر کێشەی کەمی ئاویان بۆ دروست بووە و بە گوێرەی وتەی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لەکۆی 75 بیری پارکەکانی هەولێر 10 بیر وشکی کردووە.

سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بۆ 964 وتی، بە گشتی ئاوی هەولێر کەمی کردووە، بە پێی ئەو خەمڵاندنەی لە هەفتەی رابردوو تیمێکی جیۆلۆجی کردوویانە لە هەولێر تا 450 مەتر قوڵایی ئاو نییە، لە کاتێکدایە ساڵی پار لە 420 مەتر گەیشتوونەتە ئاو، بە گشتی وا خەملێندارە ئەمساڵ 28 مەترە ئاوی ژێرزەوی کەمی کردووە.

لە هەولێر دوو جۆر ئاو بۆ پارک و دوورگەی ناوەندی شەقامەکان دابین دەکرێت، ئاوی پاک و ئاوی بەکارهاتووی ماڵان، بەگوێرەی زانیاری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لەشەش مانگدا دوو ملیار لیتر ئاوی بەکارهاتووی ماڵان بۆ دارەکانی قەراخ شەقامەکان دابیندەکرێت، لەرێگەی سێ شەمعەوە لەهەریەکە لە رێگەی توڕەق، هەولێری نوێ و شەقامی کۆرنیش، کە رۆژانە 100 تانکەر ئەو ئاوە بەکارهاتووەی ماڵان دەگوازنەوە.

سەبارەت بە ئاوی پاک، کۆگای ئاوی پاکی پارکەکان لەشەش مانگدا دوو ملیار و 150 ملیۆن لیتر ئاو پێویستە بۆ ئاودانی دار و چیمەنی پارکەکان دابینی دەکات کە لە رێگەی 12 تانکەرەوە ئەو ئاوە پاکە دەگوازرێتەوە.

ئەگەر ئەو ئاوە بەکارهاتووە نەبێت، بەشی زۆری دارەکان وشک دەبن، ساڵانە لە مانگی چوار تا مانگی 12 ئاودانی دارەکان پێویستن، واتا هەشت مانگ ئاودان پێویستە، راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان

یەکێک لەو پارکانەی رووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە پارکی شانەدەرە، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بۆ 964 وتی، تەنیا ئاو بۆ دارەکان و چیمەنەکەی دابیندەکرێت، ئاوی حەوزەکە دەبێت بگۆڕدرێت بەڵام لەبەر کەمئاوی ناتوانین، هاوکات رێڕەی رۆیشتنی ئاوەکە خراپ بووە، بەگشتی پارکەکە پێویستی بە چاککردنەوەیە، بەڵام بودجە نییە و تاساڵێکی دیکەش زەحمەتە چاکبکرێتەوە.

سەروەر وەیسی لە بارەی کێشەی پارکی شانەدەر دەڵێت، بیری پارکی شاندەر 28 مەتر لە ئاستی خۆی دابەزیوە، ئەو ئاوەی هەیەتی تەنیا بەشی ئاودانەکەی خۆی دەکات، یان دەبێت نافورەکان قوربانی دارەکان بکەین یان بە پێچەوانەوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان ئەوەشی وت، ئەو پارکە رۆژانە 100 هەزار لیتر ئاوی بۆ دەچێت، جگە لەوەی بیری خۆی هەیە، بیری پارکەکە 200 هەزار لیتر دەداتە کۆگای ئاوی پارکەکە، رۆژانە تەنیا دار و چیمەنی پارکی شانەدەر 300 هەزار لیتر ئاوی پێویستە، ئێمە تەنیا لە توانامادا هەیە ئاو بۆ دارەکان دابین بکەین ئاومان نییە بۆ نافورەکان.

پارکی شانەدەر 80 دۆنمە، دوو بەشە، لەساڵی 2008 دروستکراوە

بە پێی زانیارییەکان، چەند بیرێکی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بیری ئاوی دوورگەی ناوەندی شەقامی شۆڕش و چەندین بیری دیکە وشکیان کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی 964، هەر دارێک دەبێت هەفتانە سێ رۆژ ئاو بدرێت، بەڵام چیمەن دەبێت هەموو رۆژ ئاو بدرێت، یەک مەتر چوارگۆشە چیمەن 20 لیتر ئاوی پێویستە، هەر دارێک 10 لیتر ئاوی دەوێت.

964 زانیویەتی، جگە لە وشکبوونی بیرەکان، بەشی هەرە زۆری پارکەکانی هەولێر نافورەکانیان وەستاوە، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، پارکی شانەدەر، پارکی منارە، پارکی پێشمەرگە و نافورەکانی شەقامی شەست مەتری بەشێکی زۆریان کار ناکەن.