بە قاڵبی سەهۆڵ تانکی سەربان فێنک دەکەنەوە

964+

هونەر فارس – کەلار

بەهۆی گەرمای تاقەت پڕوکێنی گەرمیان و کەلارەوە هاوڵتاین ناچارن ئاوی تانکی سەربانەکانیان بە قاڵبە سەهۆڵ فێنک دەکەنەوە.

تەحسینی تەمەن 47ساڵ، هاوڵاتیەکی دانیشتوی شارەدێی گرەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلارە، بەهۆی گەرم بوونی ئاوی تانکی سەربانەوە توانای خۆشۆردنی نییە و بە ناچاری دو قاڵب سەهۆڵ بۆ ناو تانکەیەکەی دەکڕێت تا تۆزێک ئاوەکەی فێنک بێتەوە.

ئەو هاوڵاتییە کە بە تەحسینی خۆشی و شادی بەناوبانگە لەناو خەڵکدا ئێستا گەرما تەنگی پێهەڵچینیوە و تەنیا لە خەمی خۆفێنکردنەوەدایە.

گەرمای تاقەت پڕوکێنی هاوین و گەرم بوونی ئاوی تانکی سەربانەکان، بەشێکی دیکەی هاوڵاتیانی قەزای کەلاری ناچارکردووە، بۆ خۆ فێنک کردنەوە روو لە رووباری سیروان بکەن.

لە ماوەی سێ رۆژی ڕابردودا پلەی گەرمای گەرمیان 51 بۆ 52 پلەی سیلیزی تۆمار کرد و بۆ ئەمڕۆش پلەی گەرما لەنێوان 48 بۆ 50 پلەیە، کەشناسێکیش هۆکاری بەرزبونەوەی لە رادەبەدەری پلەی گەرما بۆ زۆری شێ دەگەڕێنێتەوە.

گەرمیانی واتەنی، گەرماکەی ئەمساڵ هەر بۆ ئەوە باشە ببیتە کۆچەری، هاوین بۆ کوێستانەکان و زستان بۆ گەرمیان بگەڕێتەوە.