هاوڵاتیان گلەیی دەکەن

کۆمپانیای ئای ستار: هاککرابووین بەڵام بەزوویی چارە کرا

964+

فەهمی نەبی

بەشێک لەوانەی بەشداربووی کۆمپانیای ئای ستارن گلەیی دەکەن، بەهۆی ئەوەی سیستمی کۆمپانیاکە هاککراوە، ناچاربوونە ئامێرەکانیان دووبارە کۆپی بکەنەوە، کۆمپانیاکە دەڵێت، با پارە لە کۆپیکردنەوە خەرج نەکەن رێگەکە ئاسانە.

ئەحمەد شوانی، یەکێکە لە هاوبەشەکانی ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، کۆدی نهێنی کۆمپانیاکە هاککراوە و ئێمە دەبێت باجەکەی بدەین.

هیوا جەمال، بەڕێوەبەری بەشی هونەری کەناڵەکانی ئای ستار هەواڵی هاککردنی سیستمەکە پشتڕاستدەکاتەوە، بۆ 964 وتی، ئەوانەی کاری هاککردنەکەیان کردووە، لەپێناو ئەوەبوو خەڵک ساڵانە بۆ ئەپدەیت پارە نەدات و بەخۆڕایی بۆی نوێبکرێتەوە، تا ئێستا نازانین سەرچاوەی هاککردنەکە لەکوێوەیە، ساڵی پار بۆ ماوەی یەک ساڵ سیستمەکەمان هاککرابوو دواتر زانرا، ئەمساڵیش هەفتەیەک بەر لە ئێستا کەمتر لە 24 کاتژمێر هاککرا و چارەسەرکرا.

لەهەرێمی کوردستان چەند کۆمپانیایەک هەن بۆ دابینکردنی کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکان لە ئامێرێک کە پەیوەست دەکرێت بە تەلەفزیۆن، کۆمپانیای ئای ستار (سیستمی چەپکی ئایستار)ی هەیە، ماوەی حەوت ساڵە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئامێرەکانیان بەردەستە.

بەڕێوەبەری بەشی هونەری ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، با خەڵک پارە لە ئەپدەیت کردنەوەی کەناڵەکەی خەرج نەکات، ئەو دوکانانەی لە لاکۆڵانەکان هەیە هیچ پەیوەندی بەئەوانەوە نییە.

بەگوێرەی وتەی هیوا جەمال، ئەگەر سیتمەکە هاککرابوو دەبێت بەشداربوو چەند هەنگاوێک ئەنجامبدات، ئەوەش دەڵێت، “ئەگەر هاوڵاتی نەیزانی چۆن نوێدەکرێتەوە، با بچێتە سەنتەرەکانمان بەخۆڕایی بۆی نوێدەکرێتەوە، ئەگەرنا ئێمە چوار ژمارەمان هەیە خەڵک هەر کات تەلەفون بکات بەئاسانترین رێگە بۆی ئەپدەیت دەکەینەوە، هاوڵاتیان دەشتوانن سەردانی یوتیوبی کۆمپانیا بکەن، ڤیدیۆی فێرکاری دانراوە.