منداڵێکی پێنج ساڵان

باوکێک بە تۆمەتی ئازاردانی منداڵەکەی دەستگیرکرا

964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

شەوی رابردوو، پۆلیسی چەمچەماڵ باوکێکی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئازاردانی منداڵێکی خۆی.

منداڵەکە تەمەنی پێنج ساڵانە و بەپێی ئەو وێنانەی دەست 964 کەوتوون، شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدان بەسەر قۆڵ و پشت و رووخسارییەوە دیارە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای چەمچەماڵ بە 964ـی وت، باوکەکە پێشمەرگەیە و کێشەی خێزانیی هەبووە، مانگێک دەبێت هاوسەرەکەی (دایکی منداڵەکە) تۆراوە و چووەتەوە ماڵی باوکی.

بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەو پیاو و ژنە هەشت منداڵیان هەیە کە تەمەنیان لەنێوان 2004 بۆ 2018یە، لەم ماوەیەدا چواریان لای پیاوەکە و چواریان لای ژنەکە بوون.

شەوی رابردوو نزیک بە کاتژمێر 12ـی شەو پیاوەکە دەستگیرکراوە.

سەرچاوەکەی پۆلیس بۆ 964ـی باسکرد، “ئەم پیاوە لەژێر کاریگەری مەی لە منداڵەکانی داوە و ئەگەر دەستگیرنەکرایە رەنگە منداڵەکەی بکوشتایە، هەروەها ئەم پیاوە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە”.

بە قسەی هەمان سەرچاوە، گوایە پیاوەکە شەوی رابردوو بۆ فشارخستنەسەر ژنەکە لە منداڵەکەیانی داوە و لەوکاتەدا تەلەفۆنی بۆ کردووە بۆ ئەوەی گوێی لە دەنگی گریانی منداڵەکەیان بێت.

964 دەزانێت، دایکی منداڵەکە دوای تەلەفۆنەکە چووەتە نوسینگەی نەهێشتنی تاوان کە سەر بە پۆلیسی چەمچەماڵە، لەوێ سکاڵای تۆمارکردووە، پاشان بە هاوکاری نوسینگەی توندوتیژی خێزانی و بە فەرمانی دادوەر پیاوەکە دەستگیرکراوە.