تونێلی پێشڕەو دادەخرێت

شۆفێران رێگەی شاخ بەکاربهێنن

+964

ئەحمەد مستەفا

تیمەکانی رێگەوبانی سلێمانی، بۆ چاکسازی لە سیستمی هەواگۆڕکێ، رووناکی و ئاگرکوژاندنەوە ماوەی سێ شەو و بۆ حەوت کاتژمێر تونێلی پێشرەو دادەخەن.

بەڕێوبەرایەتییەکە نووسراوی ئاراستەی هەریەک لە قایمقامیەتی چوارتا و هاتوچۆی سلێمانی کردووە، کە رۆژانی 17.18.19ی ئەم مانگە تونێلەکە لە کاتژمێر 9:00ی شەو بۆ 4:00ی بەرەبەیان دادەخەن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامانجی ئەوەیە چاکسازی لە ناو تونێلەکەدا لە ماوەی ئەو حەوت کاتژمێرەدا بکات، لەهەر سێ شەوی دیاریکراودا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.7.2023، فوئاد باقی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە 964ی وت، “تۆڕەکانی ناو تونێلەکە ماوە ماوە پێویستیان بە چاکسازی و هەواگۆڕکێ و دڵنیابوونەوە هەیە، بۆیە بۆ چاکسازی پێویستمان بە سێ رۆژ دەبێت”.

ئەوەشی وت، “لەو ماوەی کە تونێلەکە بە رووی شۆفێراندا دادەخرێت، دەتوانن رێگەی سەر شاخی ئەزمەر لە نێوان سیتەک بۆ سلێمانی بەرکاربهێنن، کە بە بەردەوامی کراوە دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا