كچێك سێ ساڵە بێ بەرانبەر کتێبخانەیەکی بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

ئەمیرە عەتۆ، تەمەن 28ساڵ خەڵکی کۆمەڵگای خانەسورە سەر بە شنگال، زیاتر لە هەشت ساڵە لە کەمپی بێرسیڤ دوور لەگەڵ خێزانەکەی دەژی، ٢٠١٩ لە سەر ئەرکی خۆی و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی کەمپ کتێبخانەیەک لەناو کەمپەکەدا  کردووەتەوە.

ئەمیرە عەتۆ، خاوەنی کتێبخانەکە بە 964+ی وت؛ بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر خەڵکی شنگالدا هات، بەشی زۆریان خەریکبوو تووشی نەخۆشی دەروونی بن، چونکە لەلایەک ترس و دڕەندەیی داعش، لەلایەکی دیکە ژیانی کەمپ و ناخۆشیەکانی ئەوەندەیتر دۆخی ئاوارەکانی قورستر کردبوو، بیرم لەوەکردەوە کتێبخانەیەک بکەمەوە تا بەلایەنی کەمەوە ئەو خەڵکەی ناو کەمپ کەمێک بە خوێندنەوەی کتێب سەرقاڵ بکەم، بۆیە بە هاوکاری چەند کەسێک و ئیدارەی کەمپ کتێبخانەیەکم کردەوە بەناوی کتێبخانەی ئەمیرە شنگالی، سەرەتا دوو  هەزار ‌و ٤٠٠ کتێبم پەیدا کرد، ئێستا ژمارەکە سەرووی پێنج هەزارە.

ئەمیرە عەتۆ وتیشی؛ “پێش کردنەوەی کتێبخانەکە سەردانی دهۆک، موسڵ و هەولێر و چەند شارێکی دیکەم کرد بۆ پەیداکردنی کتێب، بەشێکی لەسەر حسابی خۆم کڕیومن، بەشێکی دیکەش لە کتێبەکان بەدیاری لەلایەن ئیدارەی کتێبخانەکان و کەسایەتی و نووسەرانەوە بۆیان ناردووم.

کتێبخانەکە دەکەوێتە ناوەندی کەمپی بێرسیڤ دوو، رۆژانە لەکاتژمێر نۆی بەیانی تا سێی ئێوارە و هەندێک جار تا چوار کراوەیە، کە کتێبەکان تەنیا بۆ خوێندنەوەیە و نافرۆشرێن.

ئەمیرە عەتۆ دەڵێت، “هەفتانە دوو رۆژ قوتابیانی کەمپ دێنە کتێبخانەکە، کە هەرجارەو ٨٠ قوتابی دێن، هەموو تەمەنێک سەردانی کتێبخانەکە دەکەن، رۆژانە بەلایەنی کەم ٢٥ بۆ٣٠ کەس سەردانمان دەکەن، من و دوو کچی دیکە سەرپەرشتی کتێبخانەکە دەکەین هەرسێکمان خۆبەخشین، لەپاڵ خوێندنەوەی کتێب، زۆرجار خولی راهێنان بۆ ئاوارەکان دەکەینەوه، لەوانە خولی خوێندەواری بۆ ئەوکەسانەی بێبەش بوونە لە خوێندن، فێربوونی زمانی ئینگلیزی، بەرگدوری وێنەکێشان.