دوو مانگە وەریان نەگرتووە
کرێکارانی دارستان و پاوان داوای موچە نەدراوەکانیان دەکەن
+964
هونەر فارس
کرێکارانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان، بەم گەرمای هاوینە کار دەکەن و زیاد لە دوو مانگە یەک دیناریان وەرنەگرتوە، بە وتەی بەڕێوەبەرەکەشیان لە چەند رۆژی داهاتوودا موچەکانیان پێدەگات.
کرێکارانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان، بە دارستانی دەستکرد و نەمامگەکانەوە ژمارەیان 31 کرێکارە و سەرباری رووبەرێکی فراوان و کارکردنی زۆر لە ئەستۆیان، کەچی موچەکانیان لە کاتی خۆیاندا پێنادرێت.
“کرێکارەکان گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیانن و بەشێوەی رۆژانە کاردەکەن، کرێکاری بۆ هەر رۆژێک 20 هەزار دیناری پێدەدرێت”.
یەکێک لە کرێکارەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەڕێگەی 964ەوە، داوای بەدواداچونی بۆ هۆکاری پێنەدانی موچەکانیان کرد و باسی لەوەکرد کە بەم گەرمای هاوینە خزمەت بە دارستانەکان دەکەن کەچی موچەکەشیان لە کاتی خۆیاندا پێنادرێت.
964 پەیوەندی بە رەشید بەکر بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیانەوە کرد، ئەویش دڵنیای پێدان کە موچەی ئەو کرێکارانە نەفەوتاوە و بە زوترین کات موچەکانیان وەردەگرن.
ئەو بەڕێوەبەرە، هۆکاری دواکەوتنی موچەی کرێکارەکانی بۆ گرێبەستەکانیان گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت گرێبەستەکانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی لەسەت بدرێت و دواتر بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی بانکی ببرێتە گەنجینە و پاشان لە بانک موچەکانیان وەربگرن.
لە گەرمیان 531 دۆنم دارستانی سروشتی و 110 هەزار دۆنم دارستانی دەستکرد و دو نەمامگە بوونی هەیە، دارستانە سروشتیەکان بێ پاسەوانن و سەرجەم دارستانە دەستکردەکان و نەمامگەکانیش لەلایەن 31 کرێکارەوە خزمەت دەکرێن و گرێبەستەکەشیان لە ساڵێکدا تەنیا200 رۆژە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد