دیمەنی گردبونەوەی کوردە فەیلیەکان لە خانەقین.وێنە:964
كوردە فەیلیەكانی خانەقین داوای ناسنامە دەكەن
+964
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
بەشێك لە كوردە فەیلیەكانی دانیشتوی خانەقین گردبوونەوە و دوای ناسنامە دەكەن
كوردە فەیلیەكان كە لە عێراق دەژین هیچ ناسنامەیەكیان نییە، ئەمڕۆ بەشێكیان لەبەردەم قایمقامیەتی خانەقین گرد بوونەوە و داوای پێدانی رەگەزنامەی عێراقی دەكەن.
هاشم نگاە لەدایکبووی 1987ە وگەنجێکی فەیلییە، بە 964ی وت، ساڵانێکە داوای رەگەزنامەی
عێراقی دەکەن و پێیان نادرێت ئێستا خۆی و خێزانەکەی و منداڵێکی وشەش منداڵی کۆچکردووی
براکەی هیچیان رەگەزنامەی عێراقییان نییە و بەو پێیە نە دەتوانن بچنە قوتابخانە،
نە دەتوانن سەفەری شوێنێک بکەن.
عەبدولرەحمان كەریم دەروێش، سەرۆكی كۆنفرانسی فەیلیەكان لە كوردستان بە 964ی راگەیاند، “فەیلیەكان لە عێراقدا هیچ مافێكیان نییە، نە ناسنامە و نە هیچ شتێكیان نییە، لە ماوەی رابردووشدا حكومەتەكانی عێراق زۆر سزایانداوین وئیستاش عێراق مافمان دەخوات”.
لە ناوچە جێناکۆکەکانی هەرێمی كوردستان لە شارەكانی خانەقین و بەدرە و جەسان و جەلەولا و خزرەوات و شارەبان و قەزانیە و سۆمار و چەند ناوچەیەكی دیكە كوردی فەیلی دەژین.
لەعێراقیش لە شارەكانی بەغدا و حلە و نەجەف و كەربەلا و ناسریە و بەسرە بە چڕی دەژین و لە چەند ناوچەیەكی دیكەش هەن.
بەقسەی عەبدولرەحمان دەروێش، ژمارەی كوردە فەیلیەكان لەسەرتاسەری عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە نزیكەی دوو ملیۆن هاوڵاتی دەبن.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد