"هەڵمەتەكە لاوازە"

لە چوار رۆژدا تەنیا 27 سەگ كۆكراونەتەوە

+964

شیراز عەبدوڵا

چوار رۆژە هەڵمەتی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە دەستی پێكردووە و تەنیا 27 سەگ گەیەنراوەتە شێڵتەرەكان.

هێمن مەحمەد، بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێ لانەکانی هەولێر بە 964ـی وت، لە دوای راگەیاندنی هەڵمەتی گرتنی سەگە بێ لانەکان لە هەولێر، لە رۆژی شەممەوە تا ئەمڕۆ بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە  تەنیا 27 سەگیان بۆ هاتووە ”

هەڵمەتی گرتنی سەگە بێ لانەکان لە هەولێر ،سەرەتا لە ناحیەی دارەتوو دەستی پێکرد، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆری سەگی بێ لانە لەو سنوورە دەبینرێت و چەند جارێک پەلاماری هاوڵاتیانیان داوە .

رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوەنی دارەتوو ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ـی وت،” بۆ گرتنی سەگەکان داوای پێدانی قەفەزمان کردووە  لە بەرپرسانی شێڵتەری هەولێر تا هەڵمەتەکە بەخێرایی بەڕێوەبچێت، ئاماژەی بەوەشدا لە سەرەتای هەڵمەتەکەوە تا ئەمڕۆ تەنیا 12 سەگ لە ناحیەی دارەتوو کۆکراوەتەوە .

لە پێنج مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 266 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ لە هەولێر، تەنیا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر تۆمارکراوە، منداڵێکیش لە مانگی نیسان بەهۆی پەلاماری سەگ زامداربوو، دوای چەند رۆژێک گیانی لەدەستدا ، زۆری حاڵەتەکان وایکرد بەرپرسانی پارێزگای هەولێر کارەکانی دروستکردنی شێڵتەرەکە خێراتربکەن، لە سەر رووبەری 20 هەزار دۆنم شەڵتەرەکە دروستکراوە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد