جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: نەبوونی پڕۆژە لە شارەكەمان بووەتە هۆی بێكاری

964+

محەمەد عومەر- هەڵەبجە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، پارێزگاكەمان بێپڕۆژەیە و ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی هەلی كار كەمبێت و بێكاری زۆربێت، كاسپكارانیش دەڵێن، كار دەستناكەوێت و ناچارن شارەكە جێبهێڵن.

بەپێی بەدواداچونێكی پەیامنێری 964 لە ناو شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بەشێكی زۆر لەگەنجەكان بێكارن و بۆ بەدەستهێنانی كار روودەكەنە شارەكانی دیكە.

جیهاد مەحمود كاسپكارێكی ناو بازاڕی هەڵەبجەیە قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت، لێرە كار دەستناكەوێت ئەوەشی كە كاری دەستكەوتووە پارەكەی زۆر كەمە لەنێوان 100 بۆ 300 هەزار دینارە و وتیشی،”بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی شارەكە كاریان دەستناكەوێت و بۆ پەیداكردنی كار دەچنە پارێزگاكانی دیكە  و سلێمانی و شارەكانی دیكە”.

لەمانگی رابردوودا تەنها سێ هەلی كار لە ناو شاری هەڵەبجە راگەیەنراوە، كارەكە داوای كەسێك دەكات
بە 100 هەزار و 10 كاتژمێر كاركردن.

شاهێن حەمەڕەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت،”وەك دیوانی پارێزگای هەڵەبجە داوامان لە سەرمایەداران و دەوڵەمەندان کردووە، پڕۆژە و کارەکانیان بهێننە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هەڵەبجە بەجۆرێک چەق بەستووە و  جموجوڵی بازرگانی کەمە سەرمایەداران ترسیان لە ساغ نەبونەوەی بەرهەمەکانیان هەیە”.

وتیشی، كۆمەڵێك پڕۆژە لە شارەكە هەیە كە هیوایەكی باشە بۆ هاوڵاتیان و كاریان تێدا دەستكەوتووە، بەڵام پێویستە زیاتربێت.

ئەو كارانەی كە لە هەڵەبجە هەیە، بریتیە لە كاركردن لە دوكان و ماركێتەكان و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون.

پێشەوا مەحمود، سەرۆكی ژوری بازرگانی هەڵەبجە بە 964ی وت،”192 پڕۆژە لە ناو شاری هەڵەبجە كاركردن تێیدا وەستاوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر كارو هەلی كار هەبووە لە ناوشارەكە”.

پارێزگای هەڵەبجە لە ناحیەكانی خورماڵ، سیروان، بیارە و بەمۆ پێكدێت و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە 120 هەزار كەسە و ژمارەی دانیشتوانی قەزای هەڵەبجە 72 هەزار كەسە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد