شەقامێک لە کەلار - وێنە: ئەرشیفی 964
لیژنە بۆ کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی ژینگەپارێزانی گەرمیان پێکهێندراوە
هونەر فارس – گەرمیان
بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە، هەوڵی کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی ژینگەپارێزانی شارەوانییەکانی گەرمیان دەدرێت، لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە راسپێردراوە.
هەوڵەکە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی یەکێک لە ژینگەپارێزان دێت، کە لەژێر گەرمای تاقەت پڕوکێنی کەلاردا کاری دەکرد.
بەرزان کەریم بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان بە 964ـی وت، “لیژنەیەکمان راسپاردووە بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان بۆ کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی ژینگەپارێزان و چاوەڕێی وەڵامی لیژنەکەین”.
ئەو بەڕێوەبەرە، هۆکاری کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی ژینگەپارێزانیشی بۆ بەرزی پلەکانی گەرما لە رۆژانی هاویندا گەڕاندەوە.
964 دەزانێت، سەرباری کەمی موچەکانیان، ژینگەپارێزان موچەی زیاد لە سێ مانگیان فەوتاوە و بەو شێوەیەش رۆژانە هەشت کاتژمێر کاردەکەن.
ئەگەر سەربگرێت، کارکردنی ژینگەپارێزان لە بەرەبەیانەوە تا کاتژمێر 11:30ـی پێش نیوەڕۆ کەمدەکرێتەوە.