لە جیهانیشدا هەروایە

“تا كۆتایی تەمووز زێڕ جێگیر دەبێت”

964+
كوردستان ئەحمەد

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 1922 دۆلارە و لە یەك هەفتەی رابردوودا ئەو نرخە نەگۆڕاوە.

دووشەممەی رابردوو، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕدا 1937 بوو، لەم هەفتەیەدا تەنیا 15 ئۆنسە دابەزیوە، ئیتر هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.

جێگیریی نرخی زێڕ لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پەیوەندی بە نەگۆڕانی خواستە لەسەر زێڕ و هەروەها بازاڕە ئابوورییە گەورەكانی ئەمریكاش ساردبوونەوەیەكی بچوكیان تێدابووە لە مامەڵە كردن بە زێڕ، بە پێی شرۆڤەكانی ئاژانسی بلومبێرگی ئابووری جیهانی.

هەندرێن وەرتی، سەرۆكی سەندیكای زێڕینگەرانی كوردستان، بە 964ی وت، لەوباوەڕەدام نرخی زێڕ تا كۆتایی مانگی تەمووز بە جێگیریی بمێنێتەوە، ئەوەش پەیوەندی بە جێگیریی بازاڕی جیهانی و سیاسەتەوە هەیە، كە جۆرێك لە سەقامگیری لە جیهاندا هەیە و هیچ هەواڵێك لەسەر دۆخی ئابووری جیهان نییە.

وەرتی وتیشی، دوو هۆكار هەیە بۆ ئەوەی نرخی زێڕ جێگیر بێت، ئەویش نەبوونی هەواڵی جیهانی ئابووری و هەروەها نەبوونی جوڵەیەكی سیاسی و ئابووری گەورە.

زێڕ و دۆلار پەیوەندیەكی بەهێزیان پێكەوە هەیە، ئێستا هیچ گۆڕانكاریەكی گەورە لە نرخی زێڕدا رووینەداوە، ئەوەش وایكردووە نرخی زێڕ جێگیربێت لە بازاڕە جیهانیەكاندا، هەندرێن وەرتی وای وت.

عێراق یەكێكە وڵاتە بەهێزەكانی بازرگانیكردن بە زێڕ و خاوەنی یەدەگێكی زۆرە، یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە 96.3 تۆن بەوەش رێژەی لە 8.1% ی  کۆی یەدەگەکانی دیکەی پێکهێناوە، هاوكات ئەمەریکاش وەک یەکەم وڵات توانیویەتی پارێزگاری لە پێگەکەی خۆی بکات و یەدەگی زێڕی  8 هەزار 133 تۆنە ، لە دوای ئەویش ئەڵمانیا دێت بە یەدەگی  3 هەزار و 362 تۆن.