گومان دهكرێت كاریان سپیکردنەوەی پارە بێت
ئاسایش باندێکی لە چەمچەماڵ دەستگیرکرد
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
دواى نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە نێو بازاری چەمچەماڵ کوڕ و باوکێک و کەسێکی دیکە، کە وەک بریکاری کۆمپانیای زەین هاتبوو بۆ چەمچەماڵ، دەستگیرکران.
بریکارەکەی کۆمپانیای زەین، بە هاوکاری دوکانێکی فرۆشتنی موبایل و سیمکارت، سیمکارتی زین دەفرۆشن بە هاوڵاتیان و دواتر هەر کریارێک بڕێك پارهى پێدراوە و سیمکارتەکەی لێوەرگیراوەتەوە.
بۆ وەرگرتنی سیمکارتێکی زین، دەبوو رهگهزنامه و کارتی زانیاریت پێبوایە و دواتر پەنجەمۆر و وێنەی کەسەکەیان دەگرت.
چەند شایەتحاڵێک بە چاوی خۆیان بینیویانه، سیمکارتەکە بەم شێوازە دابەشکراوە و هەر کریارێک بری 25 هەزاری پێدراوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بۆ 964 دهستگیركردنى ئهو باندهى پشتڕاستكردهوه و رایگهیاند، بە هۆکاری ئەوەی پێدەچێت ئەمە سپیکردنەوەی پارەبێت، ئهم بانده دهستگیركراون.
وتیشی “گومان دهكرێت، بەم ژمارانەى دروستیان كردووه، حسابی بانکی یان زەین کاش دروستبکرێت بۆ حەواڵەکردنی پارە، بۆیە ئاسایش باندەکەی دەستگیرکردوە و دۆسیەکەیان لای ئاسایشە”.
بهپێی زانیارییهكانى 964 كه له چهند شایهدحاڵێكى ناو بازاڕی چهمچهماڵ وهریگرتووه، تاکو نزیکەی سهعات 12 نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەم باندە سیمکارتیان فرۆشتوە و دواتر دەستگیرکراون.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن