کردنەوەی زانکۆیەکی دیکە لە گەرمیان رادەگەیەندرێت
964+
هونەر فارس
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، زانکۆی پۆلیتەکنیک لە کەلار بکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەناوەڕاستی مانگی رابردوود بڕیاری کردنەوەی دەرچوو.
وا بڕیارە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان، مەراسیمی کردنەوەی زانکۆکە رابگەیەنرێت.
رۆژی 19.6.2023 بەفەرمانێکی حکومی بڕیاری دامەزراندنی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیک لە گەرمیان و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەرچوو.
چیا محەمەد، راگری کۆلێژی تەکنیکی کەلار، بۆ 964 وتی، زانکۆی پۆلیتەکنیک لە زانکۆکانی دیکە جیاوازە و بەبێ هەڵسەنگاندن و پێداویستی بازاڕ هیچ بەشێک لە زانکۆکە ناکرێتەوە.
باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو بڕیارەی دەرچووە زانکۆکە لە قەزای کەلار دەبێت و دوای رێوڕەسمی کردنەوەی و دانانی کەسێک وەک سەرۆکی زانکۆکە، بە نووسراو دەنێردێت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتیش هەیکەلیەتی زانکۆکە دادەنێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی