هەیکەلە تەواونەکراوەکانی هەولێر تەواو دەکرێن

964+

فەهمی نەبی

شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە، لە رێگەی لیژنەیەکەوە سەرجەم خاوەنی ئەو باڵەخانە و هەیکەلانەی تەواو نەکراون ئاگاداردەکاتەوە، دەبێت بە زوویی تەواو بکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە شارەوانیی هەولێر ئەو بڕیارەیداوە، هاوکات داوا لە خاوەنی ئەو باڵەخانە و هەیکەلە تەواونەکراوانە دەکات، سەردانی شارەوانی بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمێک تا بزانرێت کێشەی تەواونەکردنیان چییە.

شارەوانیی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری هەر شەش شارەوانی کۆبووەتەوە، میکانیزمی تەواوکردنی باڵەخانە و هەیکەلەکانیان داناوە.

کارزان عەبدولهادی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، سەرەتا ئاگاداری دەدرێتە خاوەن باڵەخانەکان، دواتر فۆرمێکیان بۆ پڕدەکرێتەوە و کێشەکانیان دیاریی دەکرێت، هەنگاوی دواتر لیژنەیەک لێکۆڵینەوە لە گرفتی هەر باڵەخانە و هەیکەلێک دەکات.

جێگری بەڕێوەبەری شارەوانیی هەولێر دەڵێت، تا رووپێوی هەموو پرۆسەکە تەواو نەبێت، نازانین چەند باڵەخانە و هەیکەڵی تەواونەکراو هەیە، ناشزانین چەندیان پەیوەندی بە وەبەرهێنان و چەندیان موڵکی تایبەتن.

شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە بە پێی میکانیزمی نوێ، چارەسەری مۆڵەتی هەموو ئەو باڵەخانە و هەیکەلانە دەکەن، کە بە هۆیەوە تەواو نەکراون، لەمەودوا خاوەنەکانیان دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بە شارەوانییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن لە سنووری شارەوانیی خۆیان.