عەلی حەمەسالح دەستلەکار دەکێشێتەوە

+964

فەرمان سادق

عەلی حەمەسالح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان دەستلەکار کێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، ئەمەش لەکاتیكدایە ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش لەدژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار لە پەرلەمانی کوردستان بە +964 راگەیاند کە عەلی حەمەسالح، پەرلەمانتاری فراسکیۆنی گۆڕان دەستلەکار کێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی عەلی حەمەسالحی دیوە، بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی زانیاری ئەوەشی بە +964 داوە کە، نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەی عەلی حەمەسالح، بەرواری یەکی تشرینی دووەمی بەسەرە، بەڵام لە ١٥ـی تشرینی دووەم داویەتی بە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر وتی “پێداگیری لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کردووە کە دیخاتە کارنامەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان”.

+964 بەدواداچوونی زیاتری لەسەر ئەو پرسە کردووە کە بەو پێیەی هێشتا عەلی حەمەسالح، لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان هەژمارە، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو بابەتە رای فراکسیۆنی گۆڕان وەردەگرێت.

+964 پەیوەندی بە عەلی حەمەسالح کرد لەبارەی دەستلەکار کێشانەوەکەی، زانیارییەکەی رەت نەکردەوە، هێندە نەبێت ئامادە نەبوو قسەی لەسەر بکات و، وتی “چاوەڕێین بزانین ١٨ـی ئەم مانگە سکاڵای دکتۆر یوسف و نەوەی نوێ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەچی دەگات”.