گەرمیان. وێنە: سۆشیال میدیا
گەرمیان.. لە 6 مانگدا 47 راوچی دەستگیرکراون
964+
هونەر فارس – گەرمیان
دیاردەی راوکردن لە گەرمیان بەردەوامە و بە گوێرەی ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، لە گەرمیان چەند سەرپێچیکارێک دەستگیرکراوە و دەست بەسەر چەند کەرەستەیەکی راوکردنیشدا گیراوە.
سەرباری زۆی دیاردەی راوکردن و هەبوونی باندی بازرگانی بە باڵندە و ئاژەڵە کێویەکانەوە، کەچی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا توانراوە تەنیا 47 سەرپێچیکار دەستگیربکرێت.
بەگوێرەی ئامارێکی پۆلیسی دارستانی گەرمیان کە بۆ 964 نێردراوە، بە هەرسێ بنکەی قەزای کەلار و کفری و خانەقین و ناحیەکانەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا تواندراوە 47 سەرپێچیکار دەستگیربکرێت، لەگەڵ سزای پێبژاردنی 130 هەزار دیناری عێراقی.
هەر لە ئامارەکەدا رونکراوەتەوە کە لەماوەی ئەو شەش مانگەدا توانیویانە، دەست بەسەر (دوو بادی، 11 تاپڕ، یەک چەقۆ، 32 فیشەك، 15 باڵندەی کێوی، سێ مۆلیدە، دوو قەفەز و دوو لایت و یەک ئۆتۆمبیل و یەک ماتۆڕسکیلدا بگرن، لەگەڵ دەست بەسەرکردنی 65 قولاپ و 52 تۆڕی ماسی).
964 دەزانێت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چەندین روداوی تەقەکردن لە نێوان راوچی و مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستاندا رویداوە، دیارترینیشیان شەوی 19 لەسەر 20ی شوباتی 2023 بو’ کە چەند راوچیەک لەگەڵ مەفرەزەیەکی بنکەی دارستانی کفری ماوەی 45 خولەک تەقەیان لەیەک کردوو ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسی بنکەکەیان فیشەک رێژکرد، کەچی تائێستا هیچکام لە تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی