964 زانیاری ورد لەسەر سێ دەریاچەکەی هەولێر ئاشکرا دەکات
964+
فەرمان سادق
لە سێ شوێنی جیاوازی هەولێر پلانی دروستکردنی سێ دەریاچە هەیە و چاوەڕوانی رەزامەندی سەرۆکی حکومەت دەکات.
سێ دەریاچەکە بەشێکە لە ماستەرپلانی هەولێر و دەکەونە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری هەولێر.
پڕۆژەکە دەرخستە و هەموو ئامادەکارییەکى بۆ کراوە و رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ پێداچوونەوە و بڕیار لەسەردان.
ئەندازیار رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای هەولێر بە 964ـی وت، دەریاچەی یەکەم رووبەرەکەی 800 دۆنم زەوییە کە دەکاتە دوو ملیۆن مەتر، دەکەوێتە نێوان شاوەیس و سێبەردان، لەنێوان هەردوو شەقامی بازنەیی 120 مەتری و 150 مەتری.
ئەو دەریاچەیە، قوڵاییەکەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕدرێت، قوڵاییەکانیان لەنێوان پێنج مەتر بۆ حەوت مەتر و زیاتر دەبێت، لەناوخۆیدا چەند دەریاچەیەکی تر و تاڤگەیەک دروستدەکرێت.
هەرچی دەریاچەی دووەمە، ئەویان دەکەوێتە یەکتربڕی کۆرنیش بۆ رێگای کەرکوک لە شەقامی 120 مەتری، رووبەرەکەی 108 دۆنمە کە دەکاتە 270 هەزار مەتر و قوڵاییەکەی لە دوو مەترەوە دەستپێ دەکات.
ئەوەی سێیەمیش، دەکەوێتە یەکتربڕی کۆرنیش و رێگای مەخمور و رووبەرەکەی 120 دۆنمە کە دەکاتە 300 هەزار مەتر و قوڵاییەکەی لە دوو مەتر زیاتر دەبێت.
ئاوی هەرسێ دەریاچەکە، بڕیارە ئاوی لە زێی گەورە یان ئاوى لە بەستۆڕەوە بۆ دابینبکرێت و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر شارى ھەولێر.
رێبوار حەسەن، ئەوەشی بە 964 وت، دیزاینی سەرەتایی پێشتر بۆ کرا بوو، ئەگەر سەرۆک وەزیران رەزامەندی بۆ بدات ئەوا پێداچوونەوەیەک بە دیزاینەکەی دەکرێت.
وتیشی “لە ماستەرپلانی هەولێر هەیە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری دروستکردنی بدرێت ئەوا لە ماوەی 18 مانگ تەواو دەکرێن و بەمەش رووگەی گەشتیاری هەولێر گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت”.
هاوشانی ئەو سێ دەریاچەیە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە زیاتر لە 28 پۆند لە سنووری پارێزگاى ھەولێر جێبەجێ بکات و لەوانەش 21 پۆند بڕیاریان بۆ دەرچووە، 7 پۆندی دیکەش پەسەندکراون و دەچنە بواری جێبەجێکردن.