لە هەولێر

هەفتەی داهاتوو سەگە بێلانەکان کۆدەکرێنەوە

964+

فەهمی نەبی

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بیلانەکان دەکرێت و دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شەڵتەرەی، کە بۆ سەگە بێلانەکان دروستیان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە 8.7.2023 دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەکرێت و دەنێردێن بۆ شەڵتەری داڵدەدانی سەگە بێلانەکان لە رێگای هەولێر بۆ گوێڕ.

سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، ئەو کارە بە هاوکاری هەریەکە لە شارەوانی، ژینگەی هەولێر، ڤێتێنەری، کوشتارگەی هەولێر و کۆمپانیای زاگرۆس ئەنجام دەدرێت، ئەو تیمەی کارەکە ئەنجامدەدات دکتۆری تایبەتمەندییان لەگەڵە، پشکنین بۆ سەگەکان دەکەن و دواتر هەموو سەگەکان ڤاکسینیان لێدەدرێت بۆ ئەوەی تێکەڵی ئەو سەگانە نەکرێن، کە چارەسەر نەکراون.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی وت، “کۆکردنەوەی سەگەکان قۆناغی یەکەمە، قۆناغی دواتر وردەکاری دیکەی لەگەڵە”.

ئەو شەڵتەرەی بۆ سەگە بێلانەکانی شاری هەولێر دروستکراوە، لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجایە، پارێزگای هەولێر دەڵێت، نزیکەی 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.

پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، ستافی تەواو بۆ شەڵتەرەکە دەستنیشانکراوە و لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا د.هێمن مەحمود وەک بەڕێوەبەری شەڵتەر دەستنیشان کراوە.