پارەی کۆن و هەزاری لە بریکارەکانی خۆراک وەرناگیرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کێشە بۆ بریکارەکانی خۆراک لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دروست بووە و پارەی کۆن و یەک هەزارییان لێوەرناگیرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2.7.2023، کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بانکی “جنوب اسلامی” لە هەولێر، کە راستەوخۆ سەر بە بەغدایە، گرفت بۆ بریکارەکانی خۆراک دروست دەکات.

“لە بانکەکە پارەی تاک هەزاری وەرناگیرێت، پارەی یەک تۆز دڕاو وەرناگیرێت، هیچ پارەیەک وەرناگیرێت کە نووسراوێکی لەسەربێت، تەنانەت هیچ جۆرە پارەیەک وەرناگیرێت، کە دەستاودەستی کردبێت”، کاسترۆ مەعروف وای وت.

مەرجی سەرەکی بانکەکە بۆ وەرگرتنی پارە ئەوەیە دەبێت پارەکە لۆک بێت و قەدی نەشکابێت.

کاسترۆ مەعروف  وتیشی، “ئەو بابەتە بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆراکی سلێمانی و تەواوی بریکارەکان، چونکە ئەو بڕە پارەیە بریکارەکان لە هاوڵاتیانی وەردەگرن، زیاد لە پێویست هیلاک دەبن”.

لە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک، بۆ هەر کەسێک بڕی 750 دینار وەردەگیرێت لە بەرامبەر پێدانی بەشە خۆراکی مانگانە.