دیمەنی ساتی گرتنی رێگای سەرەکی هەڵەبجە سلێمانی. وێنە:964
بۆ قیرتاوکردنی یەک کیلۆمەتر و نیو
هاوڵاتیانی 11 گوند خۆپیشاندانیان دەستپێکرد
+964
ئەحمەد مستەفا- سلێمانی
بەمەبەستی تەواوکردنی رێگای گوندی ناوگردان – ئاوایی حاجی قادری مارف لە سنووری قەزای سەیدسادق، دانیشتووانی 11 گوند ئەم بەیانییە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.
دانیشتووانی ئەو گوندانە هاتوچۆیان لەسەر ئەو رێگایەیە.
ئەوان لە خۆپیشاندانەکەدا لەهەردوو رێگای چوون بۆ هەڵەبجە و سایدی هاتن بۆ سلێمانییان داخستووە.
بەرهەم حەسەن، نوێنەری دانیشتووانی ئەو گوندانەیە، ئەو بە تۆڕی 964 ی وت، “لەگەڵ تێکدانی رێگاکە بڕی 700 ملیۆن دینار بۆ رێگاکە تەرخانکراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە و ئێستا داواکاریی سەرەکیمان چاککردنەوەی رێگاکەیە، کە بارگرانیی زۆری بۆ هاتوچۆمان دروست کردووە”.
ئەوان وەک فشارێک رێگاکەیان داخستووە و دیار نییە کەی دەیکەنەوە، بەرهەم حەسەن وتیشی، “تەنیا رێگا بە ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەدەین هاتوچۆ بکەن”.
رێگای گوندی ناوگردان بۆ ئاوایی حاجی قادری مارف، تەنیا یەک کیلۆمەتر و 168 مەترە و لە 25.9.2021 وە هەڵکەندراوە و تا ئیستا چاکنەکراوە.
بە وتەی دانیشتووانی ئەو گوندانە بێت، چەندین جار بەڵێنی چاککردنی رێگاکەیان پێدراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
دانیشتووانی گوندەکان پێکهاتوون لە هاوڵاتیانی گوندەکانی، ناوگردان، ئاوایی قادری مارف، شاملوو، بیەڕەشکە، شاتوان و دۆڵاش.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا